دەسەڵاتدارانی دادوەری تورکیا بڕیاریان دا ئەو قەشە ئەمەریکایـیەی لە مانگی دەی ساڵی 2016 وە دەستگیرکراوە بە تۆمەتی سیخوڕی و لایەنگری فەتحوڵڵا گولەن و پارتی کرێکارانی کوردستان لە زیندان بهێنرێتە دەرێ و لە ماڵێکەیدا دەستبەسەربکرێت.
دادگای ئزمیر ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیاری دا قەشە ئەندرۆ برەنسن ڕەوانەی ماڵەکەی بکەنەوە لە تورکیا، بەڵام دەبێت بە هیچ شێوەیەک نەچێتە دەرەوە.
مایک پەمپـێو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر تویتەرەکەی لەم بارەیەوە نووسیویەتی" خۆشحاڵین بەم هەواڵەی لە مێژەوە چاوەڕوانین کە قەشە برەنسن لە دەستگیرکردنی نێو زیندانەوە بۆ ماڵ بگوێزرێتەوە، بەڵام ئەمە بەس نیـیە. ئێمە هیچ بەڵگەیەکی بڕواپـێکراو لە دژی بەڕێز برەنسن نابینین، وە داوا دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکەین دەستبەجێ کەیسەکەی بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا و دادپەروەرانە چارەسەربکەن."
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، بەهای لیرەی تورکی لە بازاڕەکانی دراوی وڵاتەکە بڕێک زیادیکرد، ئەمەش بەو هیوایەی ئەم هەنگاوەناکۆکیـیەکانی نێوان ئەنکەرە و واشنتن کەمبکاتەوە و کاریگەری بەسەر بازاڕی تورکیادا هەبێت.
پـێشتر کاربەدەستانی ئەمەریکا ناڕەزایی زۆریان لە بەرامبەر دەستگیرکردنی قەشە ئەندرۆ برەنسن دەربڕی.
سەرۆک ترامپ سێ مانگ لەمەوبەر لەسەر تویتەرەکەی نووسی قەشە ئەندرۆ پـیاوێکی بەڕێزە بەبێ هۆکار دادگایی دەکرێت. هەروەها نووسیویەتی" دەڵێن سیخوڕە، بەڵام من لەو زیاتر سیخوڕترم. هیوادارم ڕێگەی پـێبدەن بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی و خێزانەکەی."