باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەنکەرە ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بەو وتووێژانەی لە نێوان کاربەدەستانی لەشکری ئەمەریکایی و تورکی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ئەنکەرە بەڕێوەدەچوون لەبارەی سوریاوە.
ڕاگەیاندنەکە دەڵێت:
لە ڕۆژی 5 هەتا 7 ی مانگی هەشتی 2019 ، هەردوو شاندی لەشکری ئەمەریکایی و تورکی لە وەزارەتی بەرگری تورکیا کۆبوونەوە بۆ تاووتوێکردنی پلانەکان سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام لە باکوری سوریا. هەردوو شاندەکە لەسەر ئەمانەی خوارەوە ڕێکەوتوون:
ا) جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە سەرەتایـیەکان بۆ ڕەوینەوەی نیگەرانیـیە ئاسایشیـیەکانی تورکیا.
ب) هەرچی زووە سەنتەرێک بۆ کاری هاوبەش لە تورکیا دابمەزرێت بە مەبەستی پـێکەوە هەماهەنگیکردن و بەڕێوەبردنی ناوچە ئارامەکەی پـێکدەهێنرێت.
ج) پـێویستە ئەو ناوچە ئارامە ببێتە شوێنێکی ئاشتەوایی، وە هەموو هەوڵێک بدرێت تاوەکو ئاوارە سوریـیەکان بتوانن بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.