سیناتۆرێکی گەورەی ئەمەریکا ئاگاهی بە تورکیا دا لەوەی زیاتر خۆی بە ناو سوریا نەکات، دەڵێت ئەگەر هێزی زیاتری لەشکری تورکیا بچێتە ناو سوریاوە ئەوا ڕەنگە تورکیا خۆی لە ناو زەلکاوێکدا ببینێتەوە.
لینزی گراهام کە ئەندامێکی کۆماریـیە و لە کۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی سیناتە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانەی سەردانێکی بۆ بەغدا ئەمەی بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز ڕاگەیاند.
گوتیشی لە میانەی سەردانەکەی ئەم دوایـیەی بۆ تورکیا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە. گوتی"هەوڵم دا قایلی بکەم کە پـێویستی بە بوونی ئەمەریکایە لە سوریا چونکە ئاکامەکانی دەرچوونی ئەمەریکا باش نابن."
جێی ئاماژەیە ڕۆژی دووشەممە سیناتۆر لینزی گراهام لەگەڵ خانم جین شاهین سیناتۆری دیموکرات، سەردانی شاری مەنبجیان کرد و لە نزیکەوە لە ڕەوشی ناوچەکە ئاگادارکرانەوە. سیناتۆر گراهام بە ژمارەیەک لە کاربەدەستانی مەنبجی گوت " ئێوە هاوڕێی ئەمەریکان و ئەگەر ئێمە ئێرە جێبهێڵین ئەوا زۆر خراپ دەبێت." گوتیشی کە گەڕایەوە سەرۆک ترامپ و ئەندامانی کۆنگرێس لە ڕەوشەکە ئاگاداردەکاتەوە کە پـێویستە مەنبج بپارێزرێت.