وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی هەڕەشەکانی سەرۆکی تورکیا دەداتەوە سەبارەت بە هێرشکردنە سەر هێزە کوردیـیەکانی سوریا، دەڵێت هەر کردارێکی لەو جۆرە جێی قبوڵ نیـیە.
شان ڕۆبەرتسن گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند هەر کردارێکی لەشکری تاک لایەنە لە لایەن هەر چ لایەنێکەوە ئەنجام بدرێت لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە تایبەتی کە ڕەنگە سەربازانی ئەمەریکایی لێبن یان لەو نزیکانە بن، جێی نیگەرانی زۆرە، بۆیە هەر کردارێکی لەو جۆرە جێی قبوڵ نیـیە.
دەشڵێت" هەماهەنگی و ڕاوێژکردن لە نێوان ئەمەریکا و تورکیا تاکە ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەست بە ئاسایش لەو ناوچەیە. ئێمە وابەستەین بە لە نزیکەوە کاردکردن لەگەڵ هاوبەشە تورکەکانمان سەبارەت بە سوریا، بە تایبەتی بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی و ڕاوێژکردنی نێوانمان.
ئێمە پـێمانوایە دیالۆگ تاکە ڕێگەیە بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی ناوچە سنووریـیەکان بە شێوەیەکی بەردەوام، وە بڕوامانوایە ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکان بەبێ هەماهەنگی ئەنجام بدرێن، دەبنە مایەی بنکۆڵکردنی بەرژەوەندیـیە هاوبەشەکان.
تورکیا بۆ زیاتر لە 60 ساڵە هاوپەیمانێکی ناتۆیە و هاوبەشێکی سەرەکیـیە لە هاوپەیمانێتی جیهانی بۆ تێکشکاندنی داعش. وابەستەیی فەرمیمان هەیە لە بەرامبەر ئاسایشی یەکتر. ئێمە بە تەواوی وابەستەین بە ئاسایشی سنوورەکانی تورکیا.
هەڵمەتی دژی داعش بە کۆتایی نەگەیشتووە. هێزەکانی هاوپەیمانان لە نزیکەوە کاردەکەن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەوانەی لە گەرمەی شەڕدان لە دژی داعش لە دۆڵی نزیک ناوەڕاستی ڕووباری فورات. هێزەکانی سوریای دیموکرات هەر بە هاوبەشێکی وابەستە لە دژی داعش دەمێننەوە و ئێمەش وابەستەین بەوەی بمێنینەوە کاریان لەگەڵدا بکەین بۆ مسۆگەرکردنی شکستهێنانی بەردەوام بە داعش.
نابێت و ناکرێت لەم ساتە هەستیارە ڕێگە بە داعش بدەین سەر بەرزبکاتەوە یان ئەو دەستکەوتە گەورانەی لەگەڵ هاوبەشە هاوپەیمانەکانمان بەدەستمان هێناون بخەینە بەر مەترسیـیەوە و خۆمان بخەینە بەردەم مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش."
جێی ئاماژەیە ڕۆژی چوارشەممە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە وتارێکیدا لە ئەنکەرە گوتی لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوو هێرش دەکەنە سەر هێزە کوردیـیەکانی سوریا، ئەوانەی بە بەشێک لە پەکەکە ناودێریان دەکات.