دوو سەرچاوە بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزیان گوتووە سەرۆکی دەزگای زانیاری ئەمەریکا CIA گوێبیستی دەنگی تۆمارکراوی کوشتنی جەمال خاشقچی نووسەر و ڕۆژنامەوانی سعودی بووە.
ڕۆیتەرز ئەمڕۆ پـێنجەشەممە بڵاویکردەوە دوو سەرچاوەکە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرابکرێت گوتویانە خانم جینا هاسپـڵ لە میانەی سەردانەکەی بۆ تورکیا گوێبستی ئەو تۆمارە دەنگیـیە بووە.
هەروەها ڕۆژنامەی واشنتن پـۆست ئەویش لە ڕاپـۆرتێکیدا نووسیویەتی خانم جینا هاسپـڵ یەکەم کاربەدەستی ئەمەریکایـیە گوێبستی ئەو تۆمارکراوە دەنگیـیە ببێت.
کاربەدەستان لە هەردوو دەزگای زانیاری ئەمەریکا و تورکیا ئامادە نەبوون لەم بارەیەوە لێدوان بدەن، بەڵام پـێشتر کاربەدەستانی تورکیا گوتویانە تۆمارکراوی دەنگی کوشتنی خاشقچیان لایە.
بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆک ترامپ لەگەڵ خانم جینا هاسپـڵ کۆببێتەوە تاوەکو ئاگاداریبکاتەوە لەو زانیاریـیانەی لە تورکیا بەدەستیهێناون لە بارەی کوشتنەکەی خاشقچی.