Accessibility links

دانۆڵد ترامپ هەڵمەتێک بۆ مانەوەی لە کۆشکی سپی دەستپێدەکات


دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پێدەچێت دەستبکات بە هەڵمەتێک دژی هەر هەوڵێک بدرێت بۆ لادانی لە پۆستەکەی.

سەرۆک ترامپ لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز دەڵێت پێی وایە"ئەگەر بێتوو لە پۆستەکەی لابدرێت ئەوا بازاڕی سەهم و سەنەدات دادەڕمێت."

هەر لەو دیمانەیەدا سەرۆک ترامپ بە گومانەوە باسی لەو هەوڵانە کردووە و دەشپرسێت بۆچی ئەو هەوڵە دەدرێت لە کاتێکدا کاری زۆر باشی کردووە.

لە ماوەی دوو، سێ ڕۆژی ڕابردوودا قسە و باسەکان لەسەر هەوڵدان بۆ لادانی سەرۆک ترامپ زۆر بوون، ئەمەش پاش ئەوەی بەڕیوبەری پێشووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک ترامپ پۆڵ مانەفۆرت بە هەشت تاوان گوناهبارکراوە لەلایەن دەستەیەکی سوێندخۆرانی دادگایەکی فێدراڵیەوە لە ستانی ڤێرجینیا.

مایکڵ کۆهین، پارێزەرەکەی سەرۆک ترامپیش لە دادگایەکی ستانی نیویۆرک دانی بە تاوانی خۆیدا ناوە کە لە ڕۆژانی کۆتایی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکەی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 پارەی داوە بە دوو ژن. ئەو ژنانە گوتویانە پەیوەندی سێکسییان لەگەڵ ترامپدا هەبووە.

کۆهین بە دادگای وتووە لەسەر ڕێنومایی دانۆڵد ترامپ ئەو پارانەی داوە بەو دوو ژنە.

هەندێک لە شیکەرەوە و ڕەخنەگرانی سیاسی دەڵێن ئەو دانپێدانانەی کۆهین دەشێت ببنە زەمینە خۆشکەرێک بۆ لەکار لادانی ترامپ، بەڵام بەشێکی تریشیان بە گومانەوە لەو دۆسێیە دەڕوانن.

لە ئێستادا کۆمارییەکان زۆرترایەتین لە کۆنگرێسی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا هەر بۆیە پێناچیت دەرفەت بۆ هەوڵێکی لەو شێوەیە دژی ترامپ بدرێت، بەڵام ئەگەر دیموکراتەکان توانییان ببنە زۆرترایەتی لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتی کە مانگی یازدە دەکرێن ئەوا ئەو پێگەیەیان دەبێت بۆ گرتنەبەری هەنگاوێکی لەو شێوەیە دژی ترامپ.

XS
SM
MD
LG