Accessibility links

سیناتۆرێکی ئەمەریکایی دەڵێت کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بڕیارێکی نا ژیرانەیە


سیناتۆر بۆب مێنیندێز دەڵێت کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بڕیارێکی ناژیرانەیە و کوردەکان دەخاتە بەر مەترسی هێرشی تورکیا و لەگەڵ ئەوەش پەیامێکی خراپ بە جیهان دەدات.

سیناتۆر بۆب مێنیندێز لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بەبێ بەرنامە و ڕەچاوکردنی ڕەوشەکە، بەڕێوەبەرایەتی ترامپ دەستبەرداری کوردەکان دەبێت کە نزیکترین هاوپەیمانمانن لەم شەڕەدا. ئەمە بڕیارێکی ناژیرانەیە و ئاکامێکی زۆر خراپی لێدەکەوێتەوە و زیان بە هاوپەیمانانمان و ئاسایشی نیشتمانیمان و خەڵکی سیڤیلمان دەگەیەنێت."

ئەم سیناتۆرە کە کەسایەتیـیەکی گەورەی دیموکراتەکانە، پـێشتر لە چاوپـێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی CNN مەترسی خۆی دەربڕی لەوەی کوردەکانی سوریا بە دەستی تورکیا بە کوشت بچن و گوتی بڕوای بە بەڵێنەکانی تورکیا نیـیە کە کوردەکان نەکاتە ئامانج، دەڵێت تورکیا پـێشتر چەندان جار بەڵێنی خۆی نەبردووەتەسەر.

پاشان گوتی جێهێشتنی کوردەکان پەیامێکی ترسناک و خراپ بە جیهان دەدات، ئەویش لە پـێناو ئەمەریکا یان لە پاڵ ئەمەریکا شەڕ مەکە، چونکە کاتێک ئیشی پێت نامێنێت جێت دەهێڵت لە گۆڕەپانی شەڕدا بۆخۆت بمریت.

دواتر باسی لەوەش کرد بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ڕێگە بۆ ئێران و ڕووسیا لە سوریا خۆشدەبێت وە ئێران زیاتر دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل.

XS
SM
MD
LG