کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرۆک ترامپ وتووێژێکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا ئەنجامداوە و تیایدا باسیان لە کۆمەڵێک بابەت کردووە، لەوانە ڕەوشی ڤەنزوێلا.
سارا ساندەرز سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی هەردوو سەرۆک ئەمڕۆ هەینی وتووێژەکەیان ئەنجامداوە و زیاتر لە یەک کاتژمێر خایاندووە. دەڵێت باسیان لە بازرگانی و ڤەنزوێلا و کۆریای باکور و ئۆکرانیا و پەیماننامەکانی چەک داماڵین کردووە و بە کورتیش سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکانی ڕۆبەرت مولەر لێکۆڵەری تایبەت قسەیان کردووە، ئەوەی لە بارەی مەسەلەی دەستێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بوو و مانگی ڕابردوو مولەر ئەنجامەکەی بڵاوکردەوە.
خانم ساندەرز گوتیشی سەرۆک ترامپ بە هاوتا ڕووسیایـیەکەی گوتووە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پاڵ گەلی ڤەنزوێلایە.
مایک پەمپـێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا گوتی نیکۆلاس مادورۆ لەوەدا بووە بە فڕۆکە بەرەو کوبا هەڵبێت، بەڵام ڕووسەکان لە دوا ستاتدا پەشیمانیان کردووەتەوە.
سارا ساندەرز جارێکی دیکە هەڵوێستی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپی دووپاتکردەوە کە هێشتا هەموو بژارەکان لەبەردەم ئەمەریکادان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەوشی ڤەنزێلا.