وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتووەتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بۆ قایلکردنی ئەو وڵاتە لە نەهێشتنی ئەو گروپە یاخیبوانەی لە وڵاتەکەی و ئەفغانستانی دراوسێ چالاکن.
ڕێکس تیلەرسن ئەمڕۆ سێشەممە بۆ یەکەم جار وەک وەزیری دەرەوە سەردانی پاکستان دەکات، ئەمەش لە نێو ئەو پەیوەندە دیپـلۆماسـیە ساردەی لە نێوان واشنتن و ئیسلام ئاباد هەیە لە پاش ئەوەی سەرۆک ترامپ لە مانگی هەشت ئەو وڵاتەی تاوانبارکرد بە داڵدەدانی ئەو تاوانکار و تێرۆرستانەی باری ئاسایشی ئەفغانستان تێکدەدەن.
تیلەرسن لە میانەی ئەم سەردانەی چاوی دەکەوێت بە هەریەک لە شاهد خاقان عەباسی سەرۆک وەزیر و جەنەڕاڵ قەمەر جاوید بجوا سەرۆکی لەشکر بەر لەوەی بەرەو وڵاتی هیندستان بەڕێبکەوێت.
جێی ئاماژەیە تیلەرسن ڕۆژی دووشەممە بە سەردانێـکی پـێشتر ڕانەگەیەندراو گەیشتە ئەفغانستان و لە بنکەی ئاسمانی باگرام لەگەڵ ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان کۆبووەوە.
هەردوو سەرۆک تاووتوێی ستراتیژیەتی نوێی ئەمەریکایان بۆ ئەفغانستان کرد، لەوانە زیادکردنی ژمارەی سەربازانی ئەمەریکا لەو وڵاتە و مەشق و ڕاهێنان بە هێزە ئەفغانیـیەکان لە چوارچێوەی شەڕی دژی تێرۆرزم.