ئەمەریکایـیەکان ئەمڕۆ بەرەو بنکەکانی دەنگدان دەچن تاوەکو دەنگی خۆیان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتی بدەن کە بە midterm elections ناودێردەکرێت.
بنکەکان لە کاژمێر 6 ی بەیانی بە کاتی خۆجێی ویلایەتەکانیان دەکرێنەوە تاوەکو دەنگدەرانی ئەمەریکایی لە 50 ویلایەتەکەی ئەمەریکا تەواوی 435 نوێنەرەکەیان ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێرن لەگەڵ 35 لە کۆی 100 ئەندامی ئەنجومەنی سینات و هەروەها فەڕمانڕاوەی 36 ویلایەت.
هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتی بە گشتی وەک ڕیفراندۆمێک دادەنرێت بۆ کارەکانی سەرۆک لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووی لە بەڕێوەبەرایەتی وڵاتەکە، بە تایبەتی لە ئێستادا کە سەرۆک ترامپ وەک کۆماریـیەک لە کۆشکی سپیدایە و هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێس لە دەستی کۆماریـیەکاندایە.
بەپـێی ڕاوەرگرتنە گشتیـیەکان، پـێدەچێت دیموکراتەکان هەلێکی باشیان هەبێت بۆ بەدەستهێنانی کورسی زیاتر لە ئەنجومەنی نوێنەران کە لە ئێستادا پـێویستیان بە 23 کورسی دیکەیە تاوەکو لەو ئەنجومەنە 435 ئەندامە ببنە زۆرینە. بەڵام هاوکات پـێشبینی دەکرێت کۆماریـیەکان هەر بە زۆرینە بمێنـنەوە لە ئەنجومەنی سیناتدا سەڕەڕای ئەوەی 51 سیناتۆریان لەو ئەنجومە 100 ئەندامیـیەدا هەیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە کۆی ئەو 35 کورسـیەی ئەنجومەنی سینات کە ئەمڕۆ دەنگیان لەسەر دەدرێت تەنیا 9 کورسیـیان لە دەستی کۆماریـیەکاندایە.
سەرۆک ترامپ لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا هەوڵێکی زۆری دا بۆ پشتیوانیکردن لە کۆماریـیەکان تاوەکو بتوانن بە زۆرینە لە کۆنگرێسدا بمێننەوە. ئەگەربێت و دیموکراتەکان ببنە زۆرینە لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سینات، ئەوا زۆر بۆ سەرۆک ترامپ قورس دەبێت سیاسەتەکانی جێبەجێ بکات، بە تایبەتی لە مەسەلەکانی پەیوەست بە کۆچبەری و خزمەتگوزاری تەندروستی.