فەرماندەیەتی لەشکری ئەمەریکا لە ئەفریکا دەڵێت هێرشێکی ئاسمانییان کردووەتە سەر داعش لە لیبیا و لە ئەنجامدا 11 تێرۆرست کوژراون و هیچ کەسێکی سیڤیل زیانی پـێنەگەیشتووە.
فەرماندەیەتیـیەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر تویتەرەکەی ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتی هێرشەکە ئەمڕۆ کراوەتە سەر تێرۆرستانی داعش لە دەوروبەری شاری مورزوق لە باشوری لیبیا.
دەشڵێت هێرشەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی لیبیا کراوە بە ئامانجی لەناوبردنی تێرۆرستانی داعش و ڕێگە نەدان پـێـیان لەوەی توانایان هەبێت هێرش بکەنە سەر خەڵکی لیبیا.
پاشان دەڵێت ئەم هێرشە نیشانی دەدات ئەمەریکا و لیبیا سوورن لەسەر ڕێگەگرتن لەوەی تێرۆرستان پەناگەیان لەو وڵاتەدا هەبێت.
فەرماندەیەتیـیەکە دەشڵێت پشتیوانی لەو هەوڵە دیپـلۆماسیـیانە دەکات کە دەکرێن بە ئامانجی سەقامگیری سیاسی لە لیبیا و نەهێشتنی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانی جێی هەڕەشەن بۆ سەر ئارامی ناوچەکە.