ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی بەیانـنامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا جەختی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی کردەوە کە ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق بە نا شەرعی دادەنێت و دانیپـیادانانێت.
ئەمەش دەقی بەیانـنامەکە:
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داننانێت بەو ڕیفراندۆمە یەک لایەنەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە لە ڕۆژی دووشەممە ئەنجامدرا.
دەنگدان و ئەنجامەکەی شەرعیەتیان نیـیە، وە ئێمە بەردەوامین لە پشتیوانیکردنی عێراقێکی یەکگرتوو فیدراڵ و دیموکراسی و خۆشگوزەران.
ئێمە بەردەوامین لە نیگەرانیـیەکانمان سەبارەت بە ئاکامە نەرێنیـیەکانی کە شیانیان هەیە لە ئەنجامی ئەم ھەنگاوە یەک لایەنەیە بکەونەوە. بەر لە دەنگدانەکە, ئێمە لەگەڵ ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی لە بەغدا کارمان کرد بۆ گەیشتن بە چوارچێوەیەکی زیاتر بەسوود لە پـێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان. ئەم خواستانە لە کۆتاییدا ناتوانرێت بەدیبهێنرێن لە ڕێگەی کرداری یەک لایەنەی وەک ئەم ڕیفراندۆمە.
ئێمە داوادەکەین هێمنی ڕابگیرێت و کۆتاییبهێنرێت بە تاوانبارکردن و ھەڕەشەکردن لە یەکتر بەوەی ڕێوشوێن لە دژی یەکتر دەگرنەبەر. داوا لە کوردی عێراق دەکەین ڕێز لە ڕۆڵی دەستوری حکومەتی ناوەندی بگرن وە داوا لە حکومەتی ناوەندی دەکەین چیتر هەڕەشە نەکات و تەنانەت باسی شیانی بەکارھێنانی ھێزیش نەکات. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوا لە ھەموو لایەنەکان دەکات, بە دراوسێکانی عێراقیشەوە, کاری یەک لایەنە ئەنجام نەدەن و بەکارھێنانی ھێز ڕەتبکەنەوە.
شەڕی دژ بە داعش کۆتایی نەھاتووەو گرووپە توندڕەوەکان بەدوای ئەوەوەن ناسەقامگیری و ناتەبایی بقۆزنەوە. ئێمە ھانی ھاوشانە عێراقیەکانمان دەدەین بەردەوام بن لە تیشکخستنە سەر لەناوبردنی داعش.
داوا لە ھەموو لایەک دەکەین بەشداریەکی بنیادنەرانەیان هەبێت لە دیالۆگێک بۆ باشکردنی ئایندەی هەموو عێراقیـیەکان.