سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت دۆستایی نێوان ئەمەریکا و ژاپـۆن " زۆر زۆر قوڵە" و هاوپەیمانێتی نێوانیان زۆر گرنگە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.
دانۆڵد ترامپ ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشـکی سـپی لەگەڵ شینزۆ ئابێ سەرۆک وەزیری ژاپـۆن گوتیشی دامەزراندنی پەیوەندیـیەکی بازرگانی ئازاد و ڕەوا لەگەڵ ژاپـۆندا لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتدایە.
سوپاسی ژاپـۆنی کرد بۆ میوانداریکردنی هێزەکانی ئەمەریکا و هیوای خواست هەردوو وڵات پـێکەوە زیاتر کاربکەن لە پـێناو بەرژەوەندی هاوبەشیان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ناوکی و موشەکیـیەکانی کۆریای باکور.
شینزۆ ئابێ لای خۆیەوە گوتی ئەمە جاری چوارەمە لە ماوەی شەش مانگدا سەردانی ئەمەریکا بکات. باسیشی لە سەرۆک ترامپ کرد و گوتی " کاردارێـکی زۆر زۆر باشە، هەرچەندە پـێشتر پـۆستێـکی فەرمی نەگرتووەتەدەست، بەڵام هەڵمەتێـکی هەڵبژاردنی بەهێزی بەڕێکرد."
پاشان باسی لە ئابوری ئەمەریکا کرد و گوتی بواری زۆری تێدایە و چەندان کۆمپانیای ژاپـۆن لەم وڵاتە کاردەکەن. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ژاپـۆن وەبەرهەمهێنانێـکی زۆری لە ئەمەریکادا هەیە.