دەستەیەکی سوێندخۆرانی فیدراڵی ئەمەریکا تۆمەتی هەوڵی پشتیوانیکردنی داعشی ئاڕاستەی کەسێـکی بەنگلادیشی کرد کە لە ویلایەتی میریلاند نیشتەجێـیە.
وەزارەتی داد دوێنێ سێشەممە ڕاگەیاندنێکی لەم بارەیەوە دەرکرد و تیایدا نووسیویەتی دەستەی سوێندخۆران بڕیاری دا نیلاش داس تەمەن 25 ساڵ کە دانیشتووی شاری لاندۆڤەر هێڵسی ویلایەتی میریلاندە، هەوڵی داوە کۆمەکی دارایی داعش بکات و فەرمانبەرێـکی فیدراڵی بکوژێت.
بەپـێی دادگا ناوبراو لە مانگی دەی ساڵی 2015 وە هەتا مانگی نۆی ساڵی 2016 هەوڵی پشتیوانی ماددی داعشی داوە و هەروەها هەوڵی داوە کارمەندێـکی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI بە چەک بکوژێت، ئەمەش بە ئامانجی پشتیوانیکردن لە داعش.
میدیاکانی ئەمەریکا دەڵێن نیلاش داس لە تەمەنی 4 ساڵیـیەوە هاتووە بۆ ئەمەریکا و مافی مانەوەی لە وڵاتەکە پـێدراوە.
بەم بڕیارە، دادوەر دەتوانێت سزای زیندانی هەتا هەتایی بۆ دەربکات.