کوردێک کە بۆ چەندان ساڵ بوو بە تۆمەتی تێرۆرستی لە ئەمەریکا زیندانی کرابوو، ڕەوانەی عێراق کراوەتەوە.
یاسین محێدین عارف کە ئیمامی مزگەوتی مەسجد ئەلئەقسا بوو لە شاری ئەلبانی ویلایەتی نیویۆرک، لە ساڵی 2004 لەگەڵ کۆچبەرێکی بەنگلادیشی دەسـتگیرکرا بە تۆمەتی هەوڵی یارمەتیدانی گروپـێکی تێرۆرستی پاکستانی بە ناوی "جیش محمد" لە پـلانێک بۆ کوشتنی دیپلۆماتێکی پاکستانی لە نیویۆرک.
دادگایەکی فیدراڵی ئەمەریکا لە ساڵی 2006 سزای 15 ساڵ زیندانی بۆ دەرکرد و ئێستا لە پاش 13 و نیو لە زیندان و 8 مانگ لە دەستبەسەری لە بەندیخانەیەکی ویلایەتی پەنسلڤانیا ئازادکرا.
کاثی مانلی پارێزەری یاسین بۆ دەنگی ئەمەریکای ئاشکراکرد، ناوبراو خەڵکی پارێزگای سلێمانیـیە، بەڵام سەرەتا ڕەوانەی بەغدای پایتەختی عێراق دەکرێتەوە.
لە لایەکی دیکە کوڕێکی بە ناوی سەڵاح بە میدیایەکی شاری ئەلبانی گوتووە پاش نیوەڕۆی دوێنێ یەکشەممە باوکی تەلەفۆنی بۆ کردوون و گوتویەتی بەڕێوەبەرایەتی کۆچبەری ئاگاداریان کردووەتە کە دەبێت خۆی ئامادەبکات ڕەوانەی عێراق دەکرێتەوە.