Accessibility links

ئەمەریکا پـیرۆزبایی لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێکەوتنی شەنگال دەکات


ئەمەریکا پـیرۆزبایی لە حکومەتی ناوەندی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لەسەر ئەو ڕێکەوتنەی پـێی گەیشتوون بۆ ئاسایـیکردنەوەی ژیان لە شەنگال.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پـیرۆزبایی لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لەسەر ئەو ڕێگەوتنەی پـێی گەیشتوون سەبارەت بە هاوکاری هاوبەش لە شەنگال. چاومان لە ڕێـیە بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ڕێکەوتنەکە و هیوادارین ئەم ڕێکەوتنە ببێتە مایەی ئاسایش و سەقامگیری هەمیشەیی بۆ خەڵکی عێراق لە باکوری عێراقدا."

هەروەها شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یۆنامی)، ئەویش پـیرۆزبایی کردووە و ڕێکەوتنەکەی بە "هەنگاوی یەکەم و گرنگ" بە ئاڕاستەی دوروست ناودێرکرد.

خانم جینین هێنیس – بلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی هیوادەخوازێت ڕێکەوتنەکە ببێتە سەرەتایەکی نوێ بۆ شەنگال و لە پـلەی یەکەم لە بەرژەوەندی خەڵکی شەنگالدا بێت وە یارمەتی بدات لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵیان و پـرۆسەی سەرلەنوێ بنیادنانەوەی شەنگال خێراتربکات و خزمەتگوزاریـیەکان باشتربکات.

کاربەدەستانی حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق و ئامادەبوونی خانم جینین بلاسخارت بە ڕێکەوتنەکە گەیشتن.

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیری عێراق دەڵێت بەپـێی ڕێکەوتنەکە نابێت هیچ گروپـێکی چەکدار لە شەنگال بمێنێتەوە و هەرچی پەیوەندی بە بابەتی ئاسایشیـیەوەیە لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵی دەبێت بە هەمانگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ڕووی خزمەتگوزاری، بەرپـرسیارێتی کۆمیتەیەکی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و پارێزگای موسڵ دەبێت.

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەویش ڕاگەیاندنێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی"خۆشحاڵم ڕێکەوتنی ئێمە و حکومەتی فیدراڵی بۆ ئاسایـیکردنەوەی شەنگال ڕادەگەیەنم. ئەمە یارمەتی خەڵکی شەنگال دەدات- بە ئێزیدی و ئەوانی دیکەی ئازاری زۆریان بە دەستی داعش چێشتبوو- بە سەلامەتی و سەربەرزیـیەوە بگەڕێنەوە ماڵەکانیان."

جێی ئاماژەیە لە 3 ی مانگی هەشتی ساڵی 2014 چەکدارانی داعش هێرشێکی گەورەیان کردە سەر شەنگال و بە هەزاران کەسی سیڤیلی ئیزیدیـیان کوشت و بێ سەروشوێن کرد و ژمارەیەکی زۆری ژن و منداڵیان برد و شارەکەیان تاڵانکرد. لە کۆتایـیەکانی ساڵی 2015 و لە هەڵمەتێکی گەورەی هێزەکانی پـێشمەرگە بە یارمەتی هێزەکانی یەپەگە و پەکەکە و پشتیوانی هێزەکانی ئەمەریکا توانرا شەنگال لە 13 ی مانگی یازدەی 2015 لە داعش ڕزگاربکرێت.

XS
SM
MD
LG