Accessibility links

ڕۆیتەرز: لەشکری ئەمەریکا داوای ناردنی 5 هەزار سەربازی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات


ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت دوو کاربەدەستی ئەمەریکایی گوتوویانە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا تاووتوێی داوایەکی لەشکری وڵاتەکەی دەکات بۆ ناردنی 5 هەزار سەربازی دیکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش لە پاش زیادبوونی گرژیـیەکان لەگەڵ ئێراندا.

ئاژانسەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە ڕاپـۆرتێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و نووسیویەتی هەردوو کاربەدەستەکە کە نەیانویستووە ناویان بڵاوبکرێتەوە، گوتوشیانە داواکە لەلایەن فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکاوە کراوە، ئەوەی بەرپـرسە لە ئەرکە لەشکریـیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام هێشتا ڕوون نیـیە ئایە وەزارەتی بەرگری داواکە پەسەند دەکات یان نا.

کاربەدەستێکیشیان گوتویەتی ئەو سەربازانەی داواکراون، لە بنەڕەتدا بۆ ئەرکی بەرگریـیە.

ڕۆیتەرز لە درێژەی ڕاپـۆرتەکەی دەڵێت وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئامادە نەبووە هیچ لەم بارەیەوە ڕابگەیەنێت. دەڵێت ڕێبێکا ڕێبێرک گوتەبێژێکی وەزارەتەکە گوتویەتی" وەک ڕێبازێک کە لە مێژەوە پەیڕەوی دەکەین، باسی هیچ پـلان و داواکاریـیەکی لەشکری ناکەین."

جێی ئاماژەیە فەرماندەیەتیـیەکانی لەشکری ئەمەریکا لە سەرانسەری جیهان بەردەوام داوای سەرباز و چەک و ئامێری لەشکری زیاتر لە وەزارەتی بەرگری دەکەن، هەندێک جار داواکانیان ڕەتدەکرێنەوە.

XS
SM
MD
LG