هێزی دەریایی ئەمەریکا دەڵێت ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی ئێران بڵاویانکردوونەتەوە کە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی گرتوونی لەو کاتەی بەسەر کەشتیـیەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکا دەفڕێت، دەگەڕێتەوە بۆ چەندان ساڵ لەمەوبەر.
کلۆی مۆرگن گوتەبێژی ناوەندی فەرماندەیەتی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە ئیمەیڵێکیدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێس نووسیویەتی" ئەو وێنانەی ئێران لەم دوایـیە بڵاویکردوونەتەوە، پـێدەچێت هی چەندان ساڵ لەمەوبەر بێت، کاتێک کەشتی فڕۆکە هەڵگری (دوایت د. ئایزنهاوەر) کە ژمارەکەی (CVN 69) لە ئاوی کەنداودا بوو."
ئاژانسی دەنگوباسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران دوێنێ یەکشەممە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ڕەنگ شینی نیشان دا کە لەسەری نووسرابوو ئەبابیل 3لە ڕێڕەوێکی ناوچەیەکی بیابانی هەڵدەستێت. پاشان چەند وێنە و ڤیدیۆیەک بڵاودەکاتەوە کە لەسەر دوو کەشتی جەنگی و کەشتیـیەکی فڕۆکە هەڵگرەوە گیرابوون. کەشتی فڕۆکە هەڵگرەکە ژمارە 69 ی بە گەورەیی لەسەر نووسرابوو و چەند فڕۆکەیەکی جۆری F18 ی لەسەر بوو لەگەڵ دوو فڕۆکەی دیدەوانی جۆری ئاواکس.
بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیە پاش ئەوە دێت ئەمەریکا لە 8 ی مانگی چوار سوپای پاسدارانی خستە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆرسـتیـیە جیهانیـیەکانەوە.
لە ئێستادا ئێران کەوتووەتە ژێر فشارێکی گەورەی ئەمەریکاوە، بۆیە تاران هەوڵ دەدات وەها خۆی نیشان بدات کە دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەو فشارانە ببێتەوە.