وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت بە هاوتا ڕووسیایەکەی گوتووە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە فشارەکانی بۆ سەر ئێران هەتا ڕێبەرایەتی ئەو وڵاتە ئامادەدەبن وڵاتەکەیان بێتەوە ڕیزی ئەو وڵاتانەی هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن و هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ ناکات.
مایک پەمپـێیۆ ئەمڕۆ سێشەممە لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ سێرگێی لاڤرۆڤ لە مۆسکۆ گوتیشی ئەمەریکا دەیەوێت ئێران وەک وڵاتێکی ئاسایی ڕەفتار بکات و وازبهێنێت لە هەڵدانی موشەک و تیرۆرکردن لە ئەوروپا و پشتیوانیکردنی حزبوڵڵا و حوسیـیەکان.
سەبارەت بە جموجۆڵە لەشکریـیەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، وەزیری دەرەوە ئامادە نەبوو هیچ وردەکاریـیەک بدات، بەڵام گوتی ئەگەر بێت و هێرشبکرێتە سەر بەرژەوەندیـیەکانی ئەمەریکا، ئەوا ئەمەریکا بە شێوەی گونجاو وەڵام دەداتەوە.
لاڤرۆڤ لەم بارەیەوە لای خۆیەوە گوتی گرنگە ڕووبەڕووبوونەوەی لەشکری ڕوونەدات و کێشەکان بە ڕێگەی دیپـلۆماسی چارەسەربکرێن. پاشان گوتی کشانەوە لە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە کارێکی هەڵەیە.
گوتیشی هیوادارە لەگەڵ چین و ئەوروپایـیەکان کە ئەوانیش بەشێکن لە ڕێکەوتننامە ناوکیـیەکە هەوڵبدەن لەگەڵ ئەمەریکا تاوەکو ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەکە بدۆزنەوە.