سەرۆکی ئەمەریکا لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لە کۆشکی سـپی، جەختیکردەوە سەر پەیوەندیـیە پتەوەکانی نێوان هەردوو وڵات.
سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ مەڵانیای هاوسەری لە کۆشکی سـپی پـێشوازیـیەکی گەرمیان کرد لە سەرۆک ماکرۆن و بریجێتی هاوسەری. مایک پـێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و ژمارەیەک لە ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ و یاسادانەران و کەسانی لەشکری ئامادەی مەراسیمی پـێشوازیـیەکە بوون.
سەرۆک ترامپ گوتی" جێی شەرەفە بۆ ئێمە لە ئەمەریکا پـێشوازیتان لێبکەین. ئەو دۆستایەتیـیەی لە نێوانماندا هەیە گەواهیـیە بۆ دۆستایەتی نێوان هەردوو وڵاتماندا."
گوتیشی دۆستایەتی نێوان فەڕەنسا و ئەمەریکا کە دەگەڕێتەوە بۆ 241 ساڵ بەر لە ئێستا، ئاڕاستەی مێژووی گۆڕی. ئاماژەی بۆ هەردوو شەڕی جیهانی کرد کە هەردوو وڵات لە پاڵ یەکدا شەڕیان کردبوو.
پاشان سوپاسی فەڕەنسای کرد بۆ بەشداریکردنی لە هێرشەکەی ئەم دوایـیانیەی سەر سوریا وەک کاردانەوە لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن حکومەتی سوریاوە.
هەر لە مەراسیمەکەدا هەردوو سەرۆک سەرەخۆشی خۆیان ئاڕاستەی کەنەدا کرد بۆ ڕووداوەکەی دوێنێ دووشەممەی شاری تۆرۆنتۆ کە ئۆتۆمبیلێک خەڵکی کرد بە ژێرەوە و لە ئاکامدا 10 کەس گیانیان لەدەستدا و 15 کەسی دیکەی برینداربوون.
سەرۆکی فەڕەنسا لە میانەی قسەکانی گوتی"پـێکەوە شکست بە تێرۆرزم دەهێنین و هەروەها کۆتاییدەهێنین بە بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵ کوژ، ئیدی لە ئێران بێت یان لە کۆریای باکور."
دواتر سەرۆک ماکرۆن سوپاسی ئەمەریکای کرد بۆ ئەو پـێشوازیـیە گەرمەی لێی کردووە، گوتی " ئەمەریکا توانایەکی بێ کۆتایی هەیە و هیوا و گەشبینی بە ئایندەمان پـێدەبخشێت."