دیموکراتەکان سەرکەوتنێـکی گەورەیان بۆخۆیان تۆمارکرد لەو هەڵبژاردنانەی دوێنێ سێشەممە لە چەند ویلایەتێکی ئەمەریکا بەڕێوەچوون.
لە ویلایەتی ڤێرجینیا، ڕالف نۆرثمی دیموکرات پـۆستی فەرمانڕەوای بردەوە بە دەنگی 53.9% ی خەڵکی ویلایەتەکەی، ئەمەش لە کاتێکدا ئێد گلەسپی کۆماری 45% ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. بۆ پـۆستی جێگری فەرمانڕەوا، جەستن فێرفاکسی دیموکرات 52.7%ی دەنگەکانی بردەوە و ڕکابەرەکەی خانم جڵ ڤۆگڵی کۆماری 47.3% ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
هەروەها مارک هێرینگی دیموکرات بە دەنگی 53.3% پـۆستی داواکاری گشتی ویلایەتی ڤێرجینیای بردەوە و ڕکابەرەکەی جۆن ئادەمسی کۆماری 46.7% ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
هاوکات هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتی ڤێرجینیاش بەڕێوەچوو و هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە کۆی 100 کورسیـیەکەی ئەنجومەنەکە 95 کورسی یەکلابووەتەوە و لەوێش دیموکراتەکان هەتا ئێستا 14 کورسی زیاتریان بەدەستهێناوە بەراورد بە خولی پـێشوو کە 66 کورسی کۆماری بوو بەرامبەر 34 ی دیموکرات، بەڵام وا ئێستا دیموکراتەکان 48 کورسیان بۆخۆیان مسۆگەرکردووە و کۆماریـیەکانیش ژمارەی کورسیـیەکانیان کەمبووەتەوە و هەتا ئێستا 47 کورسیان بەدەستهێناوە. هێشتا 5 کورسی دیکە ماوە یەکلاببنەوە، ئەمەش بەهۆی نزیکی ژمارەی دەنگی ڕکابەرەکان، بۆیە پـێویستی بە وردبینی زیاترە لە پـرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکەکان.
لە ویلایەتی نیوجێرزی، فێڵ مێرفیی دیموکرات پـۆستی فەرمانڕەوای بۆخۆی مسۆگەرکرد بە بردنەوەی 55%ی دەنگەکان، بەڵام خانم کیم گۆدانیۆی کۆماری کە ڕکابەرە سەرەکی بوو 43% ی دەنگەکانی هێناوە.
بەمەش فێڵ مێرفی شوێنی کرێس کریستی کۆماری دەگرێتەوە، ئەوەی لە میانەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆک ترامپ دەربڕی.
لە شاری مایەڵ سکوێری نیوجێرزی، ڕاڤیندەر بهاڵا کە کەسێکی دیموکراتی بە ڕەچەڵەک سیخە، پـۆستی سەرۆکی شارەوانی بردەوە.
لە ویلایەتی مەین، خەڵکی دەنگیان دا بۆ پەسەندکردنی برۆژە یاسایەک لە ویلایەتەکەیان کە بۆ فراوانکردن و پەرەپێدانی بەرنامەی یارمەتی تەندروستیـیە. ئەم پـرۆژە بڕیارە پـێنج جار ڤیتۆکرابوو لە لایەن پـۆڵ لێپەیجی کۆماری کە فەرمانڕەوای ویلایەتەکەیە.
لە ویلایەتی واشنتن لە ڕۆژئاوای ئەمەریکا، لە هەڵبژاردنێکی تایبەتدا بۆ بڕکردنەوەی کورسـیەکی ئەنجومەنی سیناتی ویلایەتەکە، خانم مانکا دهینگرای دیموکرات سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەمەش دیموکراتەکان کۆنترۆڵی هەردوو ئەنجومەنی یاسادانەرانی ویلایەتی واشنتن دەکەن لەگەڵ ئەوەی ئۆفیسی فەرمانڕەوای ویلایەتەکەشیان لەدەستدایە.
لە شاری نیویۆرک، جارێکی دیکە خەڵکی شارەکە بە دەنگی 66.5% پشـتیوانی خۆیان بۆ بێڵ دی بلاسیۆی دیموکرات دەربڕی کە بۆ 4 ساڵی دیکە لە پـۆستی سەرۆکی شارەوانی بمێنێتەوە. خانم نیکۆڵ مالیۆتاکسی کۆماری کە ڕکابەری بوو تەنها 27.8% ی دەنگەکانی بەدستهێنا.
بێڵ دی بلاسیۆی کە ناسراوە بەوەی لە دژی سیاسەتەکانی سەرۆک ترامپە، لە وتارێکی بۆ لایەنگرانی لە مۆزخانەی برۆکلین گوتی" خەڵکی شارەکە پەیامێکی ڕوونیان بۆ کۆشکی سپی ڕەوانەکرد." پاشان ڕووی دەمی کردە سەرۆک ترامپ کە ئەویش بە ڕەچەڵەک خەڵکی شاری نیویۆرکە، گوتی"ئەگەر پـێچەوانەی زێدی خۆتان هەڵوێستان هەبێت، ئەوا شارەکەمان ڕووبەڕووتان دەبێتەوە."
گوتیشی هەر وەکو پـێشتر دەمێنـنەوە و بەرگری لە سیستەمی تەندروستی وڵاتەکەیان دەکەن کە مەبەستی بەرنامە تەندروستیـیەکەی سەرۆکی پـێشوو براک ئۆبامایە.
بێڵ دی بلاسیۆی کە باوباپـێرانی کۆچبەری ئیتالی و ئەڵمانین، بەرگری لە کۆچبەران کرد و گوتی "کاتێک کۆچبەران هێرشیان دەکرێتەسەر ئەوە هەموومان دەگرێتەوە."