Accessibility links

پەنابەرێک لە ئەمەریکا دانی‌ناوە بەوەی شەڕی بۆ گروپـێکی تێرۆرستی کردبوو


وەزارەتی دادی ئەمەریکا دەڵێت پەنابەرێک کە بە ڕەچەڵەک فەڵەستینیـیە دانی‌ناوە بەوەی چووە بۆ سوریا و لەوێ شەڕی بۆ گروپـێکی توندڕەو کردبوو.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی ئەوس محەمەد یونس ئەلجەیاب تەمەن 25 ساڵ گوتویەتی لە مانگی یازدەی ساڵی 2013 لە شاری شیکاگۆوە بەرەو تورکیا ڕۆیشتبوو و لەوێوە چووە بۆ سوریا و پەیوەندی بە گروپی ئەنسار ئەلئیسلام کردووە و شەڕی بۆ کردووە.

ئەنسار ئەلئیسلام کە لە نێو لیستی گروپە تێرۆرستیـیەکانە لە ئەمەریکا، سەر بە قاعیدە بوو لە عێراق و سوریا. پاشان باڵە سوریـیەکەی چووە پاڵ داعشەوە، هەرچەندە بەشێک لە چەکدارەکانی ڕەتیانکردەوە بەیعەتی خۆیان بۆ داعش ڕابگەیەنن.

کاربەدەستان دەڵێن ئەوس کاتێک لە مانگی یەکی ساڵی 2014 گەڕاوەتەوە بۆ ئەمەریکا، نەیگوتبوو لە تورکیاوە چووە بۆ سوریا. هەروەها نکوڵی کردبوو لەوەی شەڕی بۆ گروپێـکی تێرۆرستی کردبوو.

بەڵام بەنجامین واگنەر داواکاری گشتی ئەمەریکا گوتویەتی هەرچەندە ئەوس جێی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نیـیە ئاماژە بکات بەوەی نیازی هەبووبێت کردەوەی تێرۆرستی لە ئەمەریکا ئەنجام بدات.

ئەوس بە ڕەچەڵەک فەڵەستیـنیـیە و لە عێراق لەدایکبووە و لە ساڵی 2012 وەک پەنابەر لە سوریاوە هاتووە بۆ ئەمەریکا. چاوەڕوان‌دەکرێت لە 26 ی مانگی چواری ساڵی 2019 دادگا بڕیار لەسەر کەیسەکەی بدات.

بەپـێی یاساکانی ئەمەریکا ڕەنگە ئەوس هەتا 15 ساڵ زیندانی بکرێت بە تۆمەتی شەڕکردن بۆ گروپێـکی تێرۆرستی بیانی و هەروەها 8 ساڵی دیکە بە تۆمەتی پـێدانی زانیاری درۆ بە کارمەندانی حکومەتی فیدراڵی.

XS
SM
MD
LG