وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشوازی کرد لە پێشکەوتنە بەرچاوەکانی گفتوگۆی ئاشتی نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان و بە دەستکەوتی زۆر گرنگ ناودێریکرد.
مایک پەمپـێـیۆ ڕۆژی چوارشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و گوتی " پیرۆزبایی لە هەردوولا دەکەین بۆ هەوڵ و کۆششەکانیان بۆ دۆزینەوەی زەمینەیەکی هاوبەش" . هەروەها گوتیشی "ئەم دەستکەوتە ئەوە دەردەخات کە حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان جدین و توانای زاڵبوونیان هەیە بەسەر جیاوازییەکاندا و ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کێشەی قورستر."
پەمپـێـیۆ هەروەها ستایشی قەتەری کرد بۆ ئەو ڕۆڵەی بینیویەتی لە میوانداری و کارئاسانی بۆ گفتوگۆکان لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆکان. ئەمە یەکەمین ڕێکەوتنی نووسراوی نێوان ئەو دوولایەنەیە لە ماوەی 19 ساڵێ ڕابردوودا لە ئەفغانستان.