وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند گەورەترین بۆمبی نائەتۆمی خۆی لە دژی داعش بەکارهێناوە لە ناوچەی ئەچینی هەرێمی نانگهار لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان.
ئادەم ستەمپ گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمڕۆ پـێنجشەممە گوتی فڕۆکەی جۆری MC-130 ی لەشکری ئەمەریکا لە کاژمێر 7:32 ی ئێوارەی ئەمڕۆ بە کاتی ئەفغانستان بۆمبی جۆری GBU-43 هەڵداوە بۆ سەر تونێلێکی داعش لە ناوچەی ئەچینی هەرێمی نانگهاری ئەفغانستان.
ئەم جۆرە بۆمبە کە بە "دایکی بۆمبەکان" ناسراوە، کێشەکەی 10 تۆن و 300 کیلۆگرامە و درێژیـیەکەی 9 مەترە و تیرەکەی یەک مەترە و 8 تۆن و 500 کیلۆگرامی ماددەی تەقەمەنی جۆری H-6 ی بەهێزی تێدایە.