نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا داوای لە ئەمەریکا و ڕووسیا کرد وتووێژبکەن تاوەکو یارمەتی بدەن لە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناو سوریا کە زیاتر لە 9 ساڵە درێژەی کێشاوە.
گێر پـیدرسن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کە لە ڕێگەی ئنتەرنێتەوە لە ئۆسلۆوە بەڕێوەچوو، ئەم داوایەی لە مۆسکۆ و واشنتن کرد کە ڕۆڵێکی سەرەکی ببینن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا. هەروەها داوای لێکردن بەردەوامن لە هاوکاریکردنی یەکتر لە سوریا، وەک چۆن لە ڕابردوودا ئەنجامیان دابوو.
گوتی "بێگومان، زۆر گرنگە ئەمەریکا و ڕووسیا بەردەوامبن لەوەی پـێکەوە کاربکەن، وەک وتم پـێشتر وەهایان کردووە، بەبێ هاوکاری ئەمەریکا و ڕووسیا بڕیاری 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشمان نەدەبوو. داوایان لێ دەکەم پەرە بەو هاوکاریـیە بدەن و هەنگاو بەرەو پـێشەوە بنێن و پشتیوانی لە پـرۆسەکە بکەن."
ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لایەنە بە شەڕهاتووەکانی سوریا ڕازیبوون وتووێژەکانیان دەستپـێبکەنەوە و گوتی هەر دۆخەکە ڕێگە بدات و کۆتوبەندەکانی سەر گەشتکردن سووکبکرێنەوە لایەنەکان بەرەو جنێڤ دێن.
هۆشداری دا کە شیانی هەیە لە هەر کاتێکدا توندوتیژیـیەکان لە ناو سوریا زیادببن، هەرچەندە لە ئێستادا کەمبوونەتەوە.