گوتەبێژێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند ستافان دی میستورا نێردراوی نێودەوڵەتی بۆ سوریا داوای لە ئێران و تورکیا و ڕووسیا کردووە ئامادەی ئەو وتووێژانە بن کە لە بارەی کۆمیتەی دەستوری سوریا لە 11 و 12 ی مانگی نۆ لە جنێڤ بەڕێوەدەچن.
بڕیارە لە پاش ئەم وتووێژانەی پەیوەستن بە پـێکهێنانی کۆمیتەیەک بۆ داڕشتنی دەستورێکی نوێ بۆ سوریا، وتووێژی دیکە بە سەرپەشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامبدرێن کە چەندان وڵاتی دیکە تیایدا بەشداردەبن، لەوانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. گوتەبێژەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دەستپـێکردنی ئەم وتووێژەی ڕانەگەیاند.
ئۆفیسی دی مستورا مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند نێردراوی نێودەوڵەتی بە نیازە لە مانگی نۆ لە جنێڤ لەگەڵ ئێران و تورکیا و ڕووسیا کۆببێتەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی دواکارەکان بۆ پـێکهێنانی کۆمیتەیەک بۆ نووسینەوەی دەستوری سوریا.
دی میستورا کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستنیشانکراوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆی سوریا و بەدیهێنانی ئاشتی لەو وڵاتە، لە مانگی یەک لە میانەی کۆنگرەیەک بە پشـتیوانی ڕووسیا لە سوچی، ڕاسپێردرا کۆمیتەیەک پـێکبهێنێت بۆ نووسینەوەی دەستوری نوێی سوریا.
هەریەک لە حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لیستی ناو ئەو کاندیدەکانیان بۆ نووسینەوەی دەستور بۆ ستافان دی میستورا ڕەوانەکردووە.