حکومەتی بەریتانیا دەڵێت خانم تێرێزا مەی سەرۆک وەزیری وڵاتەکەیان لە 29 ی مانگی سێ وتارێک ئاڕاستەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات و تیایدا بە فەرمی بڕیاری بەریتانیا بۆ کشاندنەوە لە یەکێتی ئەوروپا ڕادەگەیەنێت.
گوتەبێژی حکومەتی بەریتانیا (داوننگ ستریت) ئەمڕۆ دووشەممە گوتی تیم پاوەر باڵیۆزی بەریتانیا بۆ یەکێتی ئەوروپا بە دۆناڵد تووسک سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپای گوتووە لەندەن لە 29 ی ئەم مانگەدا بەپێی مادەی 50 ی پەیمانـنامەی لیشبۆنە دەستدەکات بە پرۆسەی کشاندنەوەکە.
بەپـێی حکومەتی بەریتانیا سەرۆک وەزیر لە وتارکەیدا داوا لە ئەندامانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا دەکات بە زووترین کات دەستبکەن بە وتووێژەکان بۆ کشاندنەوەی بەریتانیا.
بڕیارە تێرێزا مەی لە پاش کاراکردنی ماددەی 50 وتارێک لە بەردەم پەرلەمانی بەریتانیاش پـێشکەش بکات.
ئەم هەنگاوەی حکومەتی بەریتانیا پاش نزیکەی 9 مانگ لەو ڕیفراندۆمە دێت کە تیایدا بەریتانیـیەکان بە دەنگی 51.9% دەرچوونی وڵاتەکەیان لە یەکێتی ئەوروپا پەسەندکرد.
چاوەڕواندەکرێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا دانوستاندنەکان بۆ ئەم مەبەستە دەسـتپێبکەن. ئەگەربێت و بەبێ دواخستن دانوستاندنەکان بەردەوامیان هەبێت، ئەوا هەتا ساڵی 2019 پرۆسەی کشانەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بە کۆتایی دەگات.