سەرۆکی تورکیا ڕەخنەی لە ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا گرت کە هەندێکیان هاوسۆزیان بۆ کوردەکانی سوریا دەربڕیوە لە بەرامبەر ئەو لەشکرکێشیـیەی تورکیا.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکدا لە ئستەبنوڵ گوتی" ڕۆژئاوا هەمووی بە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپاوە لایەنی تێرۆرستانیان گرت و پـێکەوە هێرشیان کردە سەرمان. ئەمە لە کەیەوە لەگەڵ تێرۆرستان کاردەکەن، خۆ ئێوە دەتانگوت لە دژی تێرۆرزمین."
جارێکی دیکە ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرتەوە لەسەر پـێدانی چەک و تەقەمەنی بە هێزەکانی سوریای دیموکرات و گوتی"ئەوانەی دەڵێن ئێمە بەهێزترین وڵاتی جیهانین، ناردنی 30 هەزار ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر پـڕ لە چەک و تەقەمەنی بۆ باکوری سوریا لە ڕێگەی عێراقەوە بە چی دادەنێن؟ بە چ بنەمایەکی دیموکراسی ئەمە ڕووندەکەنەوە؟"
ئەردۆغان لە بەشێکی وتارەکەی ڕەتیکردەوە ئامادەبێت دانوستاندن لەگەڵ هێزە کوردیـیەکانی سوریا بکات و گوتی"بە درێژایی 17 بۆ 18 ساڵی حوکمڕانیمان بۆ تورکیا هەرگیز لەگەڵ ڕێکخراوێکی تێرۆرستی لەسەر مێزێک دانەنیشتووین و دانانیشن."
گوتیشی تورکیا چاوی لەسەر خاکی هیچ وڵاتێک نیـیە و نایەوێت ئازادی هیچ گەلێک کەمبکاتەوە یان زیانی پـێبگەیەنێت.