Accessibility links

تورکیا هێزی لەشکری زیاتر بۆ پارێزگای ئیدلیبی سوریا ڕەوانە دەکات


ئەرشیف
ئەرشیف

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانان دەڵێن هێزی لەشکری زیاتری تورکیا هاتوونەتە ناوچەکانی پارێزگای ئیدلیبی باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە، لەم کاتەی هێزەکانی حکومەتی سوریا بە پاڵپشتی ڕووسیا خۆیان بۆ هێرشێکی گەورە بۆ سەر ئەو ناوچەیە ئامادەدەکەن.

کۆمەڵەکە دەڵێت لە شەوی چوارشەممەوە و هەتا ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە دەروازەی کەفەرلوسین لە باکوری پارێزگای ئیدلیب هێزی لەشکری تورکیا هاتوونەتە ناو خاکی سوریاوە. دەشڵێت هێزەکان بە دوو ئاڕاستە دابەشبوون، یەکێکیان بەرەو ناوچەی سوڕمانی ڕۆژهەڵاتی شاری معەرەت ئەلنوعمان لە ئیدلیب و ئەوی دیکەیان بەرەو ناوچەی مورک لە باکوری پارێزگای حەما کە 5 کیلۆمەتر خوارووی باشوری پارێزگای ئیدلیبە.

کۆمەڵەکە و چالاکوانان دەڵێنهێزەکان تانک و زرێپـۆش و چەکی دیکەی قورسیان پـێیە. ڤیدیۆیەکیش لە لەسەر تویتەر بڵاوکراوەتە و چالاکوانان دەڵێن هێزێکی تورکیایە لەو کاتەی گەیشتووەتە گوندی سوڕمان.

لە ڤیدیۆیەکی دیکە گەیشتنی هێزەکانی تورکیا بۆ ناوچەی مورک نیشان دەدرێت.

هاوکات خڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا ئەمڕۆ لە ئەنکەرە گوتی هەر ئۆپەراسیۆنێکی لەشکری لە پارێزگای ئیدلیب ئەنجام بدرێت کارەساتی بۆ ناوچەکە لێدەکەوێتەوە. گوتیشی ئیدلیب لەسەر لێواری قەیرانێکی نوێـیە و بە گوتەی خۆی لەگەڵ ڕووسیا و ئێران کاردەکەن بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی لە سوریا.

لە لایەکی دیکە ئۆفیسی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ ڕایگەیاند لە سەرەتای ئەم مانگەوە و هەتا دوێنێ 12 ی مانگ زیاتر لە 38 هەزار و 500 کەس لە پارێزگای ئیدلیب ئاوارەبوون، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی شەڕەکان لەگەڵ بۆردومان و تۆپـبارانی هێزەکانی حکومەتی سوریا و ڕووسیای هاوپەیمانی.

ڕۆژی دووشەممە مارک لۆکۆک کۆمسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەوڵەکانی بەهاناچوون ئاگاهی دا لەوەی شیانی هەیە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی لەشکریـیەوە زیاتر لە 800 هەزار کەس لە پارێزگای ئیدلیب ئاوارە بن. گوتیشی ئەمەش خراپـترین کارەساتی سەدەی 21 ی لێدەکەوێتەوە.

XS
SM
MD
LG