میدیاکانی ناوخۆی تورکیا دەڵێن حکومەتی وڵاتەکەیان هێزی لەشکری زیاتری بۆ سەر سنوورەکان لەگەڵ سوریا ڕەوانەکردووە، ئەمەش پاش ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا داوە.
ئاژانسی دەنگوباسی ئانادۆڵوی حکومەتی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند کاروانێکی لەشکری کە هێزێکی تۆپـخانەی لەگەڵدایە گەیشتوونەتە ناوچەی ئەلبەیلی لە پارێزگای کیلیس.
هەروەها لە ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی "لەشکری سوریای ئازاد" هێزی زیاتری بۆ بەرەکانی شەڕ لە بەرامبەر یەپەگە ڕەوانکردووە. دەڵێت پـێشبینی دەکرێت ئەو هێزە ڕۆڵێکی گرنگ لە ئۆپەراسیۆنی سەر مەنبج ببینێت. ئاژانسەکە چەند وێنەیەکی هێزەکەی ئۆپـۆزسیۆنی بڵاوکردووەتەوە کە لە دەیان ئۆتۆمبیل پـێکهاتوون و بەشێکیان دۆشکە و ڕاجیمەی کورتیان لەسەرە.
ئاژانسی دەنگوباسی IHA ئەویش دەڵێت هەتا دێت و هێزی زیاتر بۆ سەر سنوورەکان ڕەوانەدەکرێن و بەشێک لەو هێزانە چوونەتە ناو خاکی سوریاوە.
ڕۆژنامەی حوریەت نووسیویەتی لە ڕۆژی یەکشەممە ڕەوانەکردنی هێزی زیاتر دەسـتیانپـێکردووە کە نزیکەی 100 ئۆتۆمبیل دەبن و گەیشتوونەتە ناوچەی بابی بەرامبەر مەنبج.