هێزەکانی پـۆلیسی تورکیا لە نزیک گۆڕستانی یەنی کۆی ئامەد ڕووبەڕووی خزم و کەسوکار و لایەنگرانی زولکوف گەزەن بوونەوە، ئەوەی شەوی یەکشەممە لە زیندانی تەکیرداغ گیانی لەدەست دا.
ڕۆژی دووشەممە پاش ئەوەی کاربەدەستانی تورکیا ئامادە نەبوون تەرمی زولکوف گەزەن بدەنەوە بە کەسوکاری، پـۆلیس لە ئامەد تەرمی زولکوفیان لە گۆڕستانی یەنی کۆی بەخاکسپارد، خزم و کەسوکاری لە نزیک گۆڕستانەکە گردبوونەوە، بەڵام هێزەکانی پـۆلیس بە بەکارهێنانی هێز بڵاوەیان پـێکردن.
ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێس دەڵێت پارێزەری زولکوف گەزەن و ئۆفیسی داواکاری گشتی دەڵێن زولکوف گەزەن لە ناو زینداندا خۆی خنکاندووە.
زولکوف گەزەن ماوەی 12 ساڵە لە نێو زینداندا بوو بە تۆمەتی ئەندامێتی لە نێو پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). ئەو یەکێک بوو لە نێو دەیان کەسی دیکەی مانیان لە خواردن گرتووە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر ئەو گۆشەگیریەی خراوەتە سەر عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.
خەجیجان فارقین پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە ئامەد ڕاپـۆرتی لەم بارەیەو ناردووە.