سەرۆک وەزیری تورکیا جارێکی دیکە ناڕەزایی توندی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستانی عێراق و بە "هەڵەیەکی زۆر گەورە" ناودێری کرد.
بێنالی یڵدرم شەوی سێشەممە لە میانەی ئاهەنگێـکدا لە پەرلەمانی تورکیا قسەی بۆ ڕۆژنامەوانان کرد و لە بارەی پـرسیی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان گوتی تورکیا لە سەرەتاوە هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەری ڕاگەیاندووە کە ڕەتیدەکاتەوە و ئەو هەڵوێستە هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە. گوتیشی جارێکی دیکە داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکەن لەم بڕیاری ڕیفراندۆمە پاشگەزببنەوە.
گوتیشی" ناوچەکە خۆی بەدەست کۆمەڵێـک قەیرانەوە دەناڵێنێت و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کێشەیەکی دیکە دروستدەکات و هیچ سوودێکی بۆ ناوچەکە نابێت و هیچ قەیرانێکیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر ناکات."
پاشان گوتی پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدار و پارتی مەهەپە هەمان هەڵوێستیان لە بەرامبەر ئەم پـرسە هەیە، ئەمەش بە پـێچەوانەی ئەو ڕاپـۆرتانەی باس لەوە دەکەن هەڵوێستیان جیاوازن.