کاربەدەستانی یۆنان دەڵێن کوردە پەرلەمانتارێکی پێشووی تورکیا کە تاوانبارکرابوو بەوەی سووکایەتی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کردووە، داوای مافی پەنابەری سیاسی لە وڵاتی یۆنان کردووە.
کاربەدەستانی پۆلیس دەڵێن لەیلا بیرلیک تەمەن 44 ساڵ رۆژی پێنجشەممە لە نزیک شاری ئەلیساندەرۆپۆڵی ڕۆژهەڵاتی باکوری وڵاتەکە خۆی رادەستی پۆلیسی یۆنان کردووە.
لەیلا بیرلیک ئەندامی پێشووی پەرلەمان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئەردۆغان بڕیاری 21 مانگ زیندانی بۆ درا. دواتر ئازادکرا بەو مەرجەی تورکیا جێنەهێڵێت هەتا دادگای پـیاداچوونەوە بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدات.
شایەنی باسە لەیلا بیرلیک لە ساڵی 2016 دا لەگەڵ هەردوو هاوسەرۆکی هەدەپە دەستگیرکرا بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە.
کاربەدەستانی یۆنان دەڵێن ئەمساڵ هەتا ئێستا 1839 هاوڵاتی تورکیا لە یۆنان داوای مافی پەنابەریان کردووە. ساڵی ڕابردووش زیاتر لە 1827 هاوڵاتی تورکیا لە یۆنان هەمان داوایانکردووە.