Accessibility links

قوبرس سکاڵای یاسایی لە دژی تورکیا لە دادگای لاهای تۆماردەکات


سەرۆکی کۆماری قوبرس دەڵێت وڵاتەکەی سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای تۆمارکردووە لە بارەی ناکۆکیـیەکانی لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە سەرچاوەکانی نەوت و گازی سروشتی لە نزیک کەنارەکانی وڵاتەکەی.

نیکۆس ئاناستاسیادس ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی دووپاتی دەکەنەوە هەموو ڕێوشوێنێکی شەرعی و یاسایی دەگرنەبەر بۆ داکۆکیکردن لە مافە سەروەریـیەکانی کۆماری قوبرس.

لەم ساڵانەی دوایی کە نەوت و گازی سروشتی لە بەشی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دۆزراوەتەوە، ناکۆکی لە نێوان قوبرسی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا دروستبووە کە لەوەتای ساڵی 1974 وە بەشی باکوری دورگەکەی داگیرکردووە و کۆمارێکی لێ دامەزراندووە بە ناوی کۆماری باکوری قوبرس کە تەنیا خۆی دانی پـیادادەنێت.

مانگێک لەمەوبەر قوبرس ڕایگەیاند گرێبەستی بۆ دەرهێنانی گازی سروشتی بە بەهای 9.3 ملیار دۆلار واژوکردووە لەگەڵ کۆنسۆرسیۆم کە کۆمپانیاکانی شێڵی هۆڵەندی و نۆبڵ ئنرجی ئەمەریکایی و دیلیکی ئیسرائیلی لەخۆدەگرێت.

بەڵام تورکیا کە دان نانێت بە حکومەتی قوبرس، دەڵێت هەتا ڕێکەوتنێکی ئاشتی مۆرنەکرێت لە بارەی هەردوو بەشی دورگەکە، ئەوا نیکۆسیا بۆی نیـیە نەوت و گاز دەربهێنێت. هاوکات ئەنکەرە خۆی کەشتی تایبەت بە پـشکنین بە دوای نەوت و گازی ڕەوانەی نزیک کەنارەکانی قوبرس کردووە، هەرچەندە ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا هۆشداریـیان داوەتێ ئەو کارە نەکات.

XS
SM
MD
LG