دۆناڵد ترەمپ وەک 45 هەمین سەرۆکی ئەمەریکا سوێندی سەرۆکایەتی خوارد لەسەر دەستی دادوەری جۆن ڕۆبەرتس سەرۆکی دادگای باڵای ئەمەریکا.
پاشان وتارێـکی پـێشکەش کرد و تیایدا گوتی ڕێبازێـکی نوێ لە حوکمڕانی پـیادەدەکات لە بوارەکانی باج و بازرگانی کۆچبەری و کاروباری دەرەوە. گوتی دەبێت بەرژەوەندی ئەمەریکا پـێش هەموو شتێـک بێت.
سەرۆکی نوێ لە وتارەکەی لە بەردەم سەدان هەزار ئەمەریکایی، ئەوانەی لە بەرامبەر کۆنگرێس گردبووبوونەوە، گوتی لە قۆناغی داهاتوو دەنگ و خەونی ئەمەریکایـیەکان چارەنووسی ئەمەریکا دەسـتنیشاندەکەن.
سوپاسی سەرۆکی پـێشوو براک ئۆباما و میشێلی هاوسەری کرد بۆ ئەو ڕۆڵەی بینیبوویان لە گواستنەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی سانایانە.
سەرۆک ترەمپ ڕەخنەی لە ڕەوشی خەڵکی واشنتنی پایتەخت گرت و گوتی کەمێـک لێرە لە حکومەت سوودمەندن و بەشە زۆرەکەیان بارێـکی قورسی لەسەر شانیانە. پاشان ڕووی دەمی لە دانیشتوانی واشنتن کرد و گوتی " ئەمە ساتی ئێوەیە."
هەروەها ڕایگەیاند پـرۆژەی ئێجگار زۆر لە سەرانسەری وڵاتەکە ئەنجام دەدات، وەکو دروسـتکردنی فڕۆکەخانە و پـرد و ڕاکێشانی هێڵی ئاسنین و ڕێگاوبانی نوێ.
گوتیشی ئیدی هەرچ سەودایەکی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا بکات، بەرژەوەندی ئەمەریکا دەخاتە پـێش هەموو شتێـکی دیکەوە. جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە سنوورەکانی وڵاتەکە دەپارێزێت و هەلی کاری زیاتر لە وڵاتەکە دروستدەکات و سیاسەتی " کار بە ئەمەریکایی بکە و کاڵای ئەمەریکای بکڕە" پەیڕەو دەکات.
دووپاتیشی کردەوە کە بە توندی ڕووبەڕووی ئیسلامی ڕادیکاڵ دەبێتەوە و گوتی ڕەگ و ڕیشەی تێرۆرزم لەسەر ڕووی زەوی دەکێشێت.