سەرۆکی ئەمەریکا ئەو پـلانەی ڕاگەیاند کە بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی ئامادەی کردووە بە مەبەستی بەدیهێنانی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیـیەکان.
سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆشکی سپی بە ئامادەبوونی بەنجامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل و ژمارەیەک لە کاربەدەستانی ئەمەریکا و ئیسرائیل و باڵیۆزانی هەریەک لە ئیمارات و بەحرەین و عومان، پـلانەکەی ڕاگەیاند کە لە 80 لاپەڕە پـێکهاتووە.
سەرۆک ترامپ گوتی بەپێی پـلانەکە فەڵەستینیـیەکان دەبنە خاون دەوڵەتی فەڵەستین کە هەموو خاکەکەی پـێکەوە دەبەسترێتەوە، واتە کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە دەبەسترێنەوە کە لە ئێستادا خاکی دەوڵەتی ئیسرائیل لە یەکی جوداکردوونەتەوە.
ئەگەربێت و فەڵەستینیـیەکان بە پـلانەکە ڕازی بن، ئەوا 50 ملیار دۆلار لە ماوەی 10 ساڵ بۆ ناوچە فەڵەستینیـیەکان دابیندەکرێت.
سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە کە ئۆرشەلیم بە یەکگرتوویی وەک پایتەختی ئیسرائیل دەمێنێتەوە و دابەش ناکرێت.
سەرۆک ترامپ لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە نەخشەی پـلانەکەی بۆ خاکی دەوڵەتی فەڵەستین بڵاوکردەوە.