سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەو زەرفە گوماناوییانە کرد کە ڕەوانەی کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای پێشووی ئەمەریکا کراون و وتی پارێزراوی هاوڵاتیانی ئەمەریکی ئەرکی سەرەکیمە.
جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا کۆمەڵێک زەرفی گوماناوی نێردراون بۆ هەریەک لە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا باراک ئۆباما و هیلاری کلینتن و بەڕێوبەری پێشووی سی ئای ئەی جۆن برینان کە هەموویان لە ماوەی ڕابردوودا ڕەخنەی توندیان لە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ گرتووە.
سەرۆک ترامپ لە کۆشکی سپی وتی " دەمەوێت ئەمڕۆ بەوە دەست پێبکەم باس لەو زەرفە گوماناوی و ئامێرانە بکەم کە نێردراون بۆ بەرپرسانی باڵای پێشووی حکومەتی ئەمەریکا."
سەرۆک ترامپ وتی " ئێمە توڕەین لەوەی کە ئەمڕۆ بینیمان."
وتیشی " پارێزراوی هاوڵاتیانی ئەمەریکا ئەرکی سەرەکی منە." هەروەها ئاماژەشی بەوەدا لەگەڵ ئێف بی ئای و وەزارەتی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا و دەزگای خزمەتگوزاری نهێنیدا کۆبۆتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکە.
سەرۆک ترامپ وتی زەرفەکان لەلایەن شارەزایانی باڵای تەقینەوەوە شیکاریان بۆ کراوە و لێکۆڵینەوەیەکی فراوانیش ئەنجام دەدرێت.
وتی " هەموو توانای حکومەتەکەمان تەرخان کردووە بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کارە قێزەونانە بهێنینە بەردەم دادگا. لەم هەوڵەماندا هەموو تواناکانی خۆمان دەخەینە گەڕ و هیچ سەرچاوەیەک پشت گوێ ناخەین."
هەروەها وتیشی " دەمویست پێتان بڵێم لەم کاتانەدا دەبێت یەک بین، دەبێت پێکەوە بین و پەیامێکی زۆر ڕوون و بەهێز بنێرین کە هەڕەشەی توندوتیژی سیاسیی هیچ شوێنێکی نیە لە ئەمەریکادا."