سەرۆکی ئەمەریکا سێ بژارەی خستووەتە ڕوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان تورکیا و کوردەکان کە یەکێکیان ناوبژیوانیـیە.
سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە تویتەرەکەی نووسیویەتی"100% شکستمان بە خەلافەتەکەی داعش هێنا و هیچ هێزێکمان لەو ناوچەیە نەماوەتەوە کە کەوتووەتە بەر هێرشی تورکیا لە سوریا. کارەکەی خۆمان زۆر بە باشی ئەنجام دا !ئێستا تورکیا هێرشی سەر کوردان دەکات کە بۆ 200 ساڵە شەڕی یەکتر دەکەن. یەک لەم سێ بژارەیەمان لەبەردەمدایە: ناردنی هەزاران سەرباز و سەرکەوتنی لەشکری، لێدانی دارایی تورکیا زۆر بە توندی لەگەڵ سەپاندنی سزا، یان ناوبژیوانی لە نێوان تورکیا و کوردەکان!"
ئەم ڕاگەیاندنەی سەرۆک ترامپ لە کاتێکدا ناڕەزایـیەکی زۆر لە ناو ئەمەریکا و جیهان دروستبووە بەرامبەر بڕیارەکەی بۆ پشتکردن لە کوردەکانی سوریا لە ئاست هێرشی لەشکری بەرفراوانی تورکیا.