نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکانی ئەم دوایـیەی لەشکری سوریا لە باشوری وڵاتەکەی زیاتر لە 270 هەزار کەس ئاوارەبوون.
محەمەد ئەلحواری بەرپرسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە ئوردن ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێسی گوت" پـێشبینیمان دەکرد ژمارەی ئاوارەکانی باشوری سوریا لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکانی ئەم دوایـیانە بگاتە 200 هەزار ئاوارە، بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا لە 270 هەزار ئاوارە تێپەڕی کرد."
گوتیشی" سەرەتا 45 هەزار ئاوارەبوون و پاشان بوو بە 100 هەزار و 160 هەزار و ئەمڕۆش بوو بەو ژمارەیە، بۆیە ئێمە لە بەردەم قەیرانێکی مرۆیی ڕاستەقینەداین لە باشوری سوریا."
لەوەتای 19 ی مانگی شەشەوە هێزەکانی حکومەتی سوریا بە پاڵپشتی ڕووسیا ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان دەستپـێکردووە بۆ سەر پارێزگای دەرعا، ئەو پارێزگایەی لە مانگی سێی ساڵی 2011 یەکەم خۆپـیشاندانی ناڕەزایی لە دژی حکومەتی سوریای لێسازکرا.
بەپـێی کۆمەڵەی سوریا لە ئێستادا هێزەکانی حکومەت زیاتر لە 58% ی پارێزگای دەرعا کۆنترۆڵدەکەن، بەڵام بەر لە ئۆپەراسیۆنەکە تەنیا 30% ی لە ژێر دەسەڵاتدا بوو. هەروەها 6% ی بارێزگاکە لە ژێر دەستی داعشدایە.