Accessibility links

مەزڵوم کۆبانی: لە ماوەی مانگێکدا کۆتایی بە بوونی لەشکری داعش دێت


فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت لە ماوەی یەک مانگدا کۆتایی بە بوونی لەشکری داعش دەهێنرێت، ئەمەش هاوکاتی ئەوەی هێزکانی لە هێرشەکانیان بەردەوامن بۆ ڕزگارکردنی دوایـین ناوچەی ژێر دەستی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات.

مەزڵوم کۆبانی لە چاوپـێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس هەروەها گوتی سەرەڕای ئەوە داعش بۆ ماوەیەک وەک هەڕەشە دەمێنێتەوە و شانە نوستووەکانی هەوڵی هێرشی خۆکوژی و تەقینەوە و کوشتنکاری دەدەن. گوتیشی بەردەوام دەبن لە پاککردنەوەی هەموو ناوچەکان لە شانە نوستووەکانی داعش.

سەبارەت بە وتووێژەکانیان لەگەڵ حکومەتی سوریا، گوتی هەرچ ڕێکەوتنێکی سیاسی بکرێت دەبێت تیایدا ڕەچاوی هێزەکانی سوریای دیموکرات بکرێت کە ناوچەکانی باکوری سوریایان پاراستووە، بۆیە مافی خۆیانە بەردەوامبن لە پارێزگاریکردنی ئەو ناوچانە. جەختی کردەوە ئەوە بۆ ئەوان هێڵی سوورە و دەستبەرداری نابن.

ئاماژەی بەوش کرد وتووێژەکان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامن، بەڵام هێشتا بە ئەنجامێکی ئەرێنی نەگەیشتوون. گوتی هێشتا ڕژێم لەو بڕوایەدایە دەکرێت بۆ سەردەمی پـێش ساڵی 2011 بگەڕێتەوە. گوتیشی کاتی دەوێت هەتا ڕژێم تێبگات ئەوەی بۆ نایەتە دی.

XS
SM
MD
LG