کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت شەڕی قورس لە نێوان دوو گروپی ئیسلامی لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا بەردەوامە و ژمارەیەک کوژراون یان برینداربوون.
کۆمەڵەکە ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند شەڕەکان لە ڕۆژی شەممەوە لە نێوان هەردوو گروپی جوند ئەلئەقسا و هەیئەت تەحریر ئەلشام هەڵگیرساوە و هەتا ئەمڕۆ بەردەوامیان هەبووە.
قورسترین شەڕیان لە ناوچە گوندیـیەکانی باشوری پارێزگای ئیدلیب و باکوری پارێزگای حەمای ڕوویانداوە، بە تایبەتی لە نزیک هەردوو شارۆچکەی خان شەیخون و ئەلتمانعە.
گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشام توانیویەتی زۆربەی ناوچەکانی شارۆچکەی ئەلتمانعە کۆنترۆڵ بکات و گروپی جوند ئەلئەقسا دەستیگرتووە بەسەر بەشێـکی شارۆچکەی خان شەیخون. لە میانەی شەڕەکان ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و تەقینەوەی خۆکوژیـیان لە دژی یەکتر ئەنجامداوە.
لەوەتای حکومەتی سوریا شاری حەلەبی کۆنترۆڵکردووەتەوە و ئاگربەستەکە چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە بوون بە چەندان بەش و هەر بەشەیان شەڕی ئەوانەی دیکە دەکات.