سوریا بە توندی ڕزگارکردنی سەدان ئەندامی بەرگری شارستانی ناوچەکانی ئۆپـۆزسیۆنی وڵاتەکەی لە لایەن ئیسرائیلەوە سەرزەنشت کرد و دەڵێت ئەمە کارێکی تاوانکاریـیە.
ئاژانسی دەنگوباسی سانای حکومەتی سوریا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند سەرچاوەیەک لە وەزارتی دەرەوەی وڵاتەکەیان ئەو کارەی ئیسرائیلی بە توندی سەرزەنشتکردووە و دەڵێت بە هاوکاری ئەمەریکا و بەریتانیا و ئوردن و ئەڵمانیا کراوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بە سەدان لە ئەندامانی بەرگری شارستانی سوریا ئەوانەی بە ڕێکخراوی کڵاوە سپیـیەکان ناسراون، ڕوویان لە بەرزایـیەکانی گۆلان کرد کە لەوێ هێزەکانی ئیسرائیلی لێـیە. ئیسرائیل دەڵێت لەسەر داوای دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا و ڕێبەرانی دیکە یارمەتی داون و ڕەوانەی ئوردنی کردوون.
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند 422 ئەندامی کڵاوە سپـیەکان هاتوونەتە وڵاتەکەیەوە بۆ ماوەیەکی کاتی و لە 3 مانگ زیاتر نابێت، ئەمەش لەسەر داوای بەریتانیا و ئەڵمانیا و کەنەدا کە بەڵێنیان داوە بەرەو وڵاتانی دیکەیان بەرن بەهۆی بوونی مەترسی لەسەر ژیانیان.
ڕێکخراوی کڵاوە سپـیەکان لە ساڵی 2013 وە دامەزراوە و خەڵکی بە خۆبەخشانە بوونەتە ئەندامی تاوەکو بە هانای ئەو خەڵکە لێقەوماوانەی وڵاتەکەیان بچن، کاتێک دەکەونە بەر هێرشی حکومەت و تانەت ئەوانەشی لە شەڕی نێوان لایەنەکانی ئۆپـۆزسیۆن دووچاری زیان دەبن. مەزندە دەکرێت ڕێکخراوەکە نزیکەی 3700 ئەندامی هەبێت.