Accessibility links

زیاتر لە 10 ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری پـڕ لە خەڵکی سیڤیل دوایـین ناوچەی خەلافەتی داعش جێدەهێڵن


ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت بە لایەنی کەم 10 ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری پـڕ لە ژن و منداڵ و پـیاو دوا ناوچەی خەلافەتی ژێر دەستی داعشیان جێهێشتووە لە شارۆچکەی باغۆز لە ڕۆژهەڵاتی باشوری سوریا.

ئاژانسەکە دەڵێت پەیامنێرێکی ئەمڕۆ چوارشەممە زیاتر لە 10 ئۆتۆمبیلی بینیوە پـڕبووە لە ژنی بە نیقاب و منداڵ و دەیان پـیاو کە هەندێکیان دەموچاویان شاردووەتەوە.

هاوکات مستەفا بالی بەرپـرسی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە هێزەکانیان یەکەی تایبەتیان هەیە بۆ گواستنەوەی خەڵکی سیڤیل، وە ئێستاش لە پاش چەند ڕۆژێک توانیویانە یەکەم کاروانی خەڵکی سیڤیل بگوێزنەوە.

گوتیشی هێشتا ژمارەی ئەو خەڵکە سیڤیلەی ڕزگارکراون نازانن وە هەتا لە ناسنامەکانیان دڵنیا نەبن نازانن ئایە کەسانی سەر بە داعشیان تێدایە یان نا.

لە لایەکی دیکەوە سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت دانوستاندن لە نێوان هێزەکانی سوریا دیموکرات و داعش کراوە بە ئامانجی ئەوەی دوا چەکدارە گەمارۆدراوەکانی داعش خۆیان بەدەستەوە بدەن. گوتیشی هێشتا وردەکاری دانوستاندنەکان نازانن.

XS
SM
MD
LG