دانۆڵد ترامپ یەکەم وتاری ساڵانەی خۆی وەکو سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمشەوی سێشەممە لە کۆنگرێس پـێشکەش دەکات.
بەپـێی کۆشکی سپی سەرۆک ترامپ سەنگی دەخاتە سەر 5 تەوەری سەرەکی، ئەوانیش هەلی کار، ئابوری، بازرگانی، ژێرخانی وڵاتەکە و ئاسایشی نیشتمانی.
پـێشبینی دەکرێت باس لە بوژاندنەوەی بۆرسەی واڵ ستریت بکات و هەروەها باشبوونی ڕێژەی گەشەکردن کە وەک کۆشکی سپی دەڵێت لە ئەنجامی ڕاستەوخۆی کەمکردنەوەی وەرگرتنی باجە بەپـێی هەموارکردنی یاسای باجدان، ئەوەی ساڵی ڕابردوو کۆنگرێس هەمواری کرد و سەرۆک ترامپ واژویکرد.
کاربەدەستانی کۆشکی سپی دەشڵێن سەرۆک ترامپ داوا لە یاسادانەران دەکات پـلانی ترلیۆن دۆلاری بۆ بوژاندنەوەی ژێر خانی وڵاتەکە پەسەندبکەن.
مەزەندەدەکرێت لە نێوان 30 بۆ 40 ملیۆن ئەمەریکایی ڕاستەوخۆ گوێبیستی وتارەکەی سەرۆک ترامپ بن کە لە کاژمێر 9 ی شەو بە کاتی واشنتنی پایتەخت پـێشکەش دەکرێت.
وەک نەریتێکیش پارتی ئۆپـۆزسیۆن کە لە ئێستادا دیموکراتەکانن، وەڵامی خۆیان بۆ وتارەکەی سەرۆک دەبێت و بۆ ئەم مەبەستە جۆزێف کەنەدی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانیان دەستنیشانکردووە.
پـێشبینی دەکرێت ژمارەیەک لە دیموکراتەکانی نێو کۆنگرێس ئامادەی بۆنەی وتارەکەی سەرۆک ترامپ نەبن، ئەمەش وەک ناڕەزایـیەک لە بەرامبەر سیاسەتەکانی.