Accessibility links

ئیسپانیا بە دوای 17 کۆچبەری نایاسایی دەگەڕێت کە بێ‌سەروشوێنن


کارمەندانی بەهاناچوونی ئیسپانیا ئەمڕۆ سێشەممە لە ناوچە کەناریـیەکانی باشوری وڵاتەکەیان و ئاوی دەریا دەگەڕێن بە دوای 17 کۆچبەری نایاسایی، ئەمەش ڕۆژێک پاش ئەوەی تەرمی 17 کۆچبەری دیکە دۆزرانەوە کە هەوڵیان دابوو بە چەند بەلەمێکەوە لە باکوری ئەفریکاوە بگەنە ئیسپانیا.

پاسەوانی سیڤیلی ئیسپانیا گوتی ڕۆژی دووشەممە تەرمی 4 کۆچبەریان دۆزیوەتەوە و 22 کۆچبەری دیکەیان ڕزگارکردووە کە هەموویان کوڕی و پـیاوی باکوری ئەفریکان و بە بەلەمێکی تەختە هاتوون و تێکشکاوە لە ئەنجامی بەرکەوتنی بە کڵۆ بەردینەکانی نێو ئاوی دەریا لە نزیک ڕۆژئاوای تەنگەی شاخی تاریق. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد 13 لەوانەی ڕزگارکراون کوڕانی خوار تەمەن هەژدە ساڵن و کەسوکاریان لەگەڵدا نیـیە.

پاشان گوتی ئەو 17 کۆچبەرەی بێ‌سەروشوێنن، لەگەڵ ئەم گروپە بوون، وە ڕەنگە گەیشتبنە کەنارەکانی ئیسپانیاوە.

هەروەها بەیانی دوێنێ دووشەممە کارمەندانی بەهاناچوونی ئیسپانیا 80 کەسیان ڕزگارکرد، لەوانە پـێنجیان ژنن. هەروەها تەرمی 13 کۆچبەریان دۆزیـیەوە لە نێو ئاوی دەریای ئەلبۆران.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ماوەی ئەمساڵدا 564 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە کاتێک هەوڵیان دابوو لە ڕێگەی دەریاوە بگەنە ئیسپانیا.

XS
SM
MD
LG