Accessibility links

بزوتنەوەی شەباب بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشە خوێناویـیەکەی مەگادیشۆ ڕاگەیاند کە بەهۆیەوە 16 کەس کوژران


بزوتنەوەی شەبابی سەر بە ئەلقاعیدە بەرپـرسیارێتی خۆی ڕاگەیاند لەو هێرشە تێرۆرستیـیەی ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ناوچەیەکی قەرەباڵغی مەگادیشۆی پایتەخت ڕوویدا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی بە لایەنی کەم 16 کەس.

ئەفسەرێکی پـۆلیس بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوتووە تەقینەوەکە لەسەر جادەیەکی سەرەکی بووە کە بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی دەڕوات. گوتیشی جگە لە کوژراوەکان 17 کەسی دیکە برینداربوون و زۆربەی قوربانیـیەکان لە ڕێستورانتێک بوون.

هاوڵاتیەکیش بە ناوی عەبدوڵڵا عوسمان کە لە نزیک شوێنی تەقینەوەکە بوو، بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت تەقینەوەکە بە ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدرابوو کە لە پاڵ ڕێستورانتەکە ڕاگیرابوو. گوتیشی هێندە بەهێزبوو زیانی زۆری بە ئۆتۆمبیل و بیناکانی ناوچەکە گەیاند.

گروپی شەباب زۆر جار هێرشی خۆکوژی لە دژی خاڵەکانی پشکنین و ئۆفیسەکانی حکومەت و هوتێلەکان ئەنجام دەدات. لەوەتای ڕۆژی شەممەوە ئەمە پـێنجەمین تەقینەوەیە لە پایتەختی سۆماڵ ڕووبدات.

XS
SM
MD
LG