ڕووسیا مافی ڤیتۆی لە دژی پـرۆژە بڕیارێـکی ئەنجومەنی ئاسایش بەکارهێنا کە بۆ درێژکردنەوەی ئەرکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە هێرشە کیمیایـیەکانی ناو سوریا داڕێژرابوو.
پـرۆژە بڕیارەکە کە لەلایەن ئەمەریکاوە خرایە بەردەست ئەنجومەنەکە، ئەمڕۆ سێشەممە ڕووسیا لە دژی وەستایەوە و چین دەنگی لەسەر نەدا و هەروەها پـۆلیڤیاش دەنگی خۆی خستە پاڵ ڕووسیا، بەڵام 11 وڵاتەکەی دیکەی ئەنجومەنی ئاسایش دەنگیان بە ئەڕێ دا.
میشێل سیسون جێگری باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بارەیەوە گوتی ڕووسیا لەبەر ئەجیندای سیاسی خۆی مەینەتە مرۆیـیەکانی خستووە بەلادا.
ئەمەریکا و هاوپەیمانانی خوازیاربوون ماوەی کاری شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی بۆ یەک ساڵی دیکە درێژبکەنەوە، بەڵام ڕووسیا درێژکردنەوەکە دەبەستێتەوە بەو ڕاپـۆرتەی چاوەڕواندەکرێت ڕۆژی پـێنجشەممە لە لایەن شارەزایانەوە بڵاوبکرێتەوە سەبارەت بە هێرشەکەی لە مانگی چواردا بە گازی سارین کرایە سەر شارۆچکەی خان شەیخون لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا.
ئەمە نۆیەمین جارە ڕووسیا مافی ڤیتۆ بەکاردەهێنێت بە ئامانجی بەرگریکردن لە ڕژێمی سوریا.