وەزارەتی ناوخۆی عەرەبستانی سعودیـیە دەڵێت سزای مەرگی جێبەجێکردووە بەسەر 37 کەسی وڵاتەکەیان کە تاوانبارن بە کاری تێرۆرستی.
وەزارەتەکە ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا نووسیویەتی سزاکان لە شەش ناوچەی وڵاتەکە ئەنجامدراون(ڕیازی پایتەخت، مەکە، مەدینە، ناوچەی قسێم، ناوچەی عسێر، ناوچەی شەرقیـیە کە زۆربەی دانیشتوانەکەی شیعەن.)
بەپـێی ڕاگەیاندنەکە ئەو کەسانە بیروباوەڕی توندڕەویـیان هەڵگرتبوو و شانەی تێرۆرستیـیان پـێکهێنابوو بە ئامانجی خراپەکاری و تێکدانی ئاسایش و نانەوەی ئاژاوە و فیتنەی ئاینزایی. وەزارەتەکە دەشڵێت ئەو کەسانە بۆمبیان تەقاندبوو و ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشیان کوشتبوو و خیانەتیان کردبوو لە ڕێگەی هاوکاریکردن لەگەڵ دوژمنانی وڵاتەکەیان بە شێوەیەک زیان بە بەرژەوەندیـیە باڵاکانی وڵاتەکە بگەیەنێت.