Accessibility links

تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی تێرۆرستی ئاڕاستەی هێرشبەری سەر هەردوو مزگەوتەکەی نیوزیلاند دەکرێت


پـۆلیسی نیوزیلاند دەڵێت تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی تێرۆرستی ئاڕاستەی ئەو کەسە کراوە کە لە ناوەڕاستی مانگی سێ لە شاری کرایس چێرچ بە چەکەوە هێرشی کردە سەر دوو مزگەوت و دەیان کەسی کوشت و بریندارکرد.

کاربەدەستانی پـۆلیسی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ سێشەممە گوتیان برێنتۆن تاررانت تەمەن 28 ساڵ تاوانبارە بە 51 حاڵەتی کوشتن و 40 حاڵەتی هەوڵی کوشتن. گوتیشیان تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی تێرۆرستیان ئاڕاستەکردووە پاش ڕاوێژکردن لەگەڵ داواکارانی گشتی و شارەزایانی یاسایی لە حکومەت.

جەسیندا ئاردرین سەرۆک وەزیری نیوزیلاند پـێشتر گوتبووی ئەو هێرشەی کراوەتە سەر ئەو دوو مزگەوتە "هێرشێکی تێرۆرستی" بوو، وە برێنتۆن تاررانت پـلانی بۆ داناوە لەو ڕۆژەوەی پـێیوایە خەڵکی سپی پـێست لە سەروو خەڵکی دیکەوەن.

برێنتۆن تاررانت کە بە ڕەچەڵەک ئوسترالیـیە، لە ئێستادا لە نێو زیندانێکی نیوزیلاند لە ژێر چاودێریـیەکی توندی ئاسایشیدایە.

XS
SM
MD
LG