نادیە موراد کچە چالاکوانی ئێزیدی قوربانی دەستی داعش خەڵاتی هێلەری کلنتنی وەرگرت لە بواری بەرەوپـێشچوونی ژنان لە ئاشتی و ئارامیدا.
لە مەراسیمێکدا کە دوێنێ دووشەممە لە هۆڵی گاستن لە زانکۆی جۆرجتاونی واشنتنی پایتەخت سازکرا، خانم مێلان ڤێرڤێر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئنستتیوتی جۆرجتاون بۆ بەرەوپـێشچوونی ژنان لە ئاشتی و ئارامی، گوتی جۆرجتاون بە شانازیـیەوە خەڵاتی ساڵی 2018 ی خۆی پـێشکەشی نادیە موراد دەکات.
پاشان نادیە موراد بە چەپڵەڕێزانی ئامادەبووانەوە خەڵاتەکەی لە هێلەری کلنتن وەرگرت.
نادیە موراد لەم بارەیەوە لە تویتەرەکەی نووسیویەتی"من زۆر خۆشحاڵم کە لەگەڵ ژنی وەها مەزنم. ئەمڕۆ خەڵاتی 2018 ی هێلەری کلنتن بۆ بەرەوپـێشچوونی ژنان لە ئاشتی و ئارامیم وەرگرت. سوپاس."
هەروەها کچە چالاکوانی ڕۆهێنگایی "وای وای نو" کە لەسەر چالاکی سیاسی بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە میانمار زیندانیکرابوو، ئەویش هەمان خەڵاتی وەرگرت.